سلێمانی.. چه‌ند رۆژنامەنووسێك سکاڵایان لە دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار کرد

"هێرشکراوەتە سەر خۆمان و خێزانه‌کانمان"

K24 – هه‌ولێر:

 بە هۆی ناوزڕاندن و بەکارهێنانی پەیجی ساختە بۆ هێرشکردنە سەریان، چەند رۆژنامەنووسێکی شاری سلێمانی، لە دادگا سکاڵایان لەسەر جووڵانەوەی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکە، تۆمار کرد.

کەمال رەئووف، رۆژنامەنووس، لە بەردەم دادگای سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند: "سکاڵامان لە دژی ئەو پەیجە بێ ناسنامانە تۆمار کردووە، کە تیرۆری مەعنەویی دەکەن و سەر بە نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیدن".

راشیگەیاند: "لە رێگای ئەو پەیجانەوه‌ هێرش کراوەتە سەر خۆمان، خێزان و دەزگا میدیاییەکانمان، بۆیه‌ داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دەکەین".

هەر یەک لە دەزگاکانی شارپرێس، زەمەن، تۆڕی هەواڵی  شار و ژیان سکاڵایان تۆمار کردووە و داوای سزای یاسایی شاسوار عەبدولواحید دەکەن، چونکە بە گوتەی خۆیان، ئەو جۆرە پەیجانە جیا لە هێرشی مەعنەوی، هێرشیشن بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین.

رۆژی هەینی رابردوو، ئاسایشی سلێمانی ددانپێدادانی چەند ئەندامێکی جووڵانەوەی نەوەی نوێی بڵاو کردەوە، کە بەڕێوەبەری چەند پەیجێکی ساختە بوون و هێرشیان دەکردە سەر کەسیاتییە سیاسییەکان و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی نەشیاو و تایبەتیی چەند ئەندام پەرلەمانێکیان کردبوو.

H.J