مه‌سرور بارزانی: ئیراده‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هەیە

مەسرور بارزانی و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق كۆبوونه‌وه‌

ئەمڕۆ دووشەممە 13/5/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ جینین هینیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری كۆ بووه‌وه‌. وێڕای تاووتوێکردنی پێشهات و ئەگەرە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم، بەتایبەتی رەوشی کەرکووک و شنگال تاووتوێ کرا و جەخت لەوە کرایەوە، کابینەی داهاتوو ئەو هەنگاوانە دەنێت، کە خواست و ویستی خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

لە دیدارەكه‌دا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێشڤەچوونی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند: "گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامن و ئیرادەیەکی هاوبەش بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەری پرسە هەڵواسراوەکان هەیە".

لەبەرامبەردا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، خۆشحاڵیی خۆی بە پێشڤەچوونەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوازێت رۆڵی هەبێت لە لێک نزیککردنەوەی نوێنەرانی پێکهاتە و تایفەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و لەو ئەرکەشی بەردەوام دەبێت.

رەوشی سیاسیی عێراق و بەردەوامبوون لە دژی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.