سیروان بارزانی: بە کۆنتڕۆڵکردنی چیای قەرەچووخ مەترسییەکانی داعش لە مەخموور کۆتاییان دێت
داعش زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد دەسووتێنێت
K24 – ههولێر:
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێری هێزەکانی پێشمەرگە، لەبارەی سووتانی زەویی کشتووکاڵیی جووتیارانی کورد رایگەیاند، چارەسەر بۆ ئەو دەستدرێژکارییانە، هێرشكردنە بۆ سەر چیای قەرەچووخ.
ئەمڕۆ سێشەممە 14/05/2019، چەکدارانی داعش لە گوندی عەلی رەش لە سنووری مەخموور، دەستیان بە سووتاندنی چەند زەوییەکی کشتووکاڵیی کوردەکانی ئەو ناوچانە کرد و زیانیان بە دەغڵ و دانی گوندەکانی ئەو سنوورە گەیاند.
لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، سیروان بارزانی راگەیاند: "پێش سێ رۆژ، داعش گەنمی جووتیارانی ئەو ناوچانەی سووتاندووە و داوای سەرانەیان کردووە، ئەمە جیا لەوەی کوشتن و تۆقاندیان بڵاو کردووەتەوە".
راشیگەیاند: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە داعش دەستی کردەوە بە سووتاندنی ئەو زەوییە کشتووکاڵییانەی سێ رۆژ لەمەوبەر نەیانسووتاندبوون".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر ئۆپەراسیۆن نەکرێت و چیای قەرەچووخ لەو چەکدارانە پاک نەکرێتەوە، ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەش داوامان لە بەغدا کردووە هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن".
لەبارەی بە عەرەبکردنی گوندی پەلکانە، کە ئەمڕۆ هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن عەرەبی هاوردە و بەشێک لە هێزە عێراقییەکان دەستی پێ کردووە، سیروان بارزانی گوتی: "کارەکە مەترسییدارە، بەتایبەت کە ئێستا پەیوەندییهكانی هەرێم و بەغدا باشن، دەبێت حکوومەتی هەرێم و پەرلەمان لەو بارەیەوە بڕیار بدەن و هەنگاوی پێویست بنێن".
H.J