یەكێتی چاوی لە رێككەوتنەكانی كەركووك و بەغدایە

وتەبێژی یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان ئاشكرا دەكات

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ 14/5/2019، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكە وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: "یەكێتی پابەندی ھەردوو رێككەوتنی سیاسی و ئیداری لەگەڵ پارتیی دیموكراتی كوردستان دەبێت و چاوەڕوانین لەگەڵ ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمیشو پرسی کەرکووک و بەغدا چارەسەر بکرێن".

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: "بە پەرۆشەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گفتوگۆی چڕوپڕ و بەرپرسیارانەی لە سەر پێشھاتە سیاسییەکان كرد و پاپەندبوونی بە ھەردوو رێکكەوتنی سیاسی و ئیداری لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستان، تەئکید کردەوە ".

وتەبێژی یەکێتیی راشیگەیاند: "چاوەڕوانین لەگەڵ ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم، پرسی کەرکووک و بەغدا چارەسەر بکرێن، وەک ئەوەی كه‌ لە رێكکەوتنی نێوان بەڕێزان کاک کۆسرەت و کاک مەسعوددا ھاتووە".

وتەبێژی یەكێتی ئەوەشی خستووەتەروو: "کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بەردەوامیان دەبێت".

ھ.م