مه‌سرور بارزانی و ئه‌ندرێی ساڤینیك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردستان و بیلارووسیایان تاووتوێ کرد

پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و بیلارووسیا خرایە بەرباس

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئەندرێی ساڤینیک، باڵیۆزى کۆمارى بیلارووسیا لە عێراق کرد.

له‌ دیدارێكدا، وێڕای تاووتوێکردنی په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و هەوڵەکانی  پێكهێنانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و کۆمارى بیلارووسیا، خرانە بەرباس.

لەو دیدارەدا مه‌سرور بارزانی، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندیی دووقۆڵیی لەگەڵ کۆمارى بیلارووسیا نیشان دا و ئاماژەی بەوە دا، کە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی باش و گونجاو بۆ کۆمپانیاکانی بیانی لە گشت سێکتەرەکاندا هەیە.

لە بەرامبەردا باڵیۆزى کۆمارى بیلارووسیا باسی لە توانای وڵاتەکەی لە ڕووی پیشەسازی و ئابووری کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە پتەوکردنی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەوان لەلای خۆیانەوە خوازیارن لە بوارەکانی بازرگانیی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستى و کشتوکال لە نێوان بیلارووسیا و هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن.