پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەست پێ دەکاتەوە
پارێزەران جارێكی دیكە سەردانی ئیمرالی دەكەن
K24 - ھەولێر
سەزای تەمەلی، هاوسەرۆکی پارتیی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەست پێ دەکاتەوە. رەتیشی کردەوە ئەمجارە پێڤاژۆیەکە لەگەڵ ئاكەپە بێت، ھاوكات ئەمڕۆ جارێكی دیكە پارێزەران سەردانی ئیمڕالی دەكەن و چاویان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكە دهكهوێت.
تەمەلی له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسیDW ی ئەڵمانی جەختی کردەوە "نابێ ئاکەپە دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە و پارێزەرەکانی، بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنێت".
لەلایەكی دیكە و بەپێی گرتە ڤیدیۆییەك، كە لە چەند میدیایەكی توركیا بڵاو كراوەتەوە، ئەمڕۆ پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جارێكی دیكە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، گەیشتوونەتە ئیمڕالی.
ئەمە لە كاتێكدایە، دوای ھەشت ساڵ، له 2/5/2019 رێگە بە دیداری ئۆجەلان و پارێزەرانی درا و دواتریش پەیامی ئۆجەلان بڵاو كرایەوە، كە جەختی لە چارەسەری كێشەكان بە رێگەی ئاشتی كردەوە.
لەو چوارچێوەیەدا وەزیری دادی توركیا رایگەیاندبوو، كە ھیچ ئاستەنگێك بۆ دیداری پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەماوە.
دوای چەندین ساڵ شەڕ، لە ساڵی 2012 پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیا ھاتە ئاراوە، شاندێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە بۆ گفتوگۆی نێوان توركیا و پەكەكە پێكهات، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكەیان لە ئیمڕالی دەكرد، ھەروەھا چەند جارێكیش ئەو شاندە، نامەی ئۆجەلانیان بۆ سەركردەكانی پەكەكە گەیاندووەتە قەندیل.
دوای ھەڵبژاردنەكانی 7ی حوزەیرانی توركیا، جارێكی دیكە ئاڵۆزیی لەنێوان ئاكەپە و ھەدەپە و پەكەكە، سەری ھەڵدایەوە، لەو سەروبەندەدا و لە ساڵی 2015 تەقینەوەیەك لە ناوچەی (پرسوس) سروچی سەر بە شاری رحای باكووری كوردستان رووی دا و توركیا پەكەكەی بە بكەری تەقینەوەكە لە قەڵەم دا، دوای ئەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆسەر بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان باكوور و باشووری كوردستان و بناری قەندیل ئەنجام دا، ئەمەش بە ھەنگاوی یەكەمی دەستپێكردنەوەی شەڕ دادەنرێت.
ھ.م