كوردستان24 ئازاره‌كانی ژنێكی بێلانه ده‌گه‌یه‌نێته لایەنی پەیوەندیدار
ژنێك له پارك و شوێنه گشتییه‌كان ژیان ده‌گوزه‌رێنێت
K24 - سلێمانی
ژنێک چەندین ساڵە بێ كه‌س و بێ ماڵ ژیان بەسەر دەبات، دوای 16 ساڵ مانەوە لە خانەی نەوجەوانان، ناچاربووە ئەوێش جێ بھێڵێ، ئێستاش لە بێلانەییدا به جانتایه‌كه‌وه لە باغ و شوێنە گشتییەکانی سلێمانیدا دەسوڕێتەوە.
چیرۆک و سەربووردەکانی ژیان و سه‌رگه‌ردانبوونی، وەک سێبەرهكهی له هه‌موو جێگایەك به شوێنیه‌وه‌ن. ئیمان، ته‌واوی ماڵه‌كه‌ی لە جانتایه‌ک دا كۆ كردووەته‌وه‌و و به عه‌ره‌بانه‌كه‌یه‌وه به ناو باغهكاندا سه‌رگه‌ردان بووه و شه‌و و رۆژه‌كانی به‌م جۆره دووباره ده‌بنه‌وه.
ئیمان فاروق، چەند ساڵێكە بێ ماڵ و لانەیه و زیاتر لە باغ و شوێنە گشتییەكانی سلێمانی دەبینرێت، ئەو چیرۆكی خۆی بۆ كوردسیان24 دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "،منداڵ بووم كاتێك دایكم كۆچی دوایی كرد، باوكیشم فڕێی دامە سەر جادە و منداڵپارێزیی منیان ھەڵگرتەوە. كە تەمەنم بوو به 16 ساڵ، ھاتمەوە ماڵی باوكم، سەرەتا لەگەڵم باش بوون، دواتر باوك و زڕدایكم لەگەڵم گۆڕان، قسەیان پێ دەگوتم و لێیان دەدام".
گوتیشی: "رۆژێك باوكم گوتی، خوازبێنیت ھاتووە و دەبێ شوو بكەیت، منیش گوتم، ھێشتا تەمەنم بچووكە، بەڵام گوێی لێ نەگرتم و دامی بە پیاوێكی تەمەن 75 ساڵ، كە ئەوكات من تەمەنم 16 ساڵ بوو".
ئیمان، ته‌مه‌نی ته‌نیا 25 ساڵه، به‌ڵام لە رووخسارییەوە دیارە رۆژگارێكی سه‌خت ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوه و بووه‌ته قوربانیی زۆر نه‌هامه‌تی، به‌ڵام نا‌ئومێد نه‌بووه و هێشتا به‌دوای دهرهتانێكدا ده‌گه‌ڕێ بۆ ده‌ستپێكردنی ژیانێكی ساده و ئاسایی.
16 ساڵ خانەى نەوجەوانان ماڵى ئیمان بوو، دواتر ئەو ماڵەى کە وەک خۆى دەڵێت، ئەشکەنجە و ئازارەکانى باوکى بۆى کردبووە دۆزەخ، جێى هێشتووە، رووی له شەقامەکان و باخەکان كردووه، كه بۆ ژنێک نەک نابنە ماڵ و لانە، بەڵکوو مەترسین بۆ دەستدرێژیى و توندوتیژیەکان. لە چوارچێوەى بە دواداچوون و بەسەرکردنەوەکانى کارمەندانى بەرەنگابوونەوەى توندوتیژی، دۆسیەى ئیمان لەنێو باخ و شەقامەکانەوە گەرێنرایەوە پارێزگاى هەولێر، تا کێشەى ئەم ژنە چارەسەر بکرێت.
خانەى بێسەرپەرشتان، خانەى بەساڵاچووان و ماڵى داڵدەدراوان، هیچیان نەبوونە لانەیەکى ئارام بۆ ئیمان، کوردستان24 کێشەکەی ئیمانی گەیاندە بەرپرسانی چاودێریى کۆمەڵایەتى، ئەوان ئاگادارى دۆسیەى ئەم خانمە و چەندین کەسى هاوتەمەن و هاوشێوەی ژیانى ئەون، بەڵام بە نیگەرانییەوە باسیان لە رێگەچارەکان دەکرد، کە قەیرانى دارایى رێگر بووە لە کردنەوەى ماڵێک بۆ بێنەوایان.
خانمێک لە تەمەنی ساوایەتیى لە ئامێزى دایکى بێبەش کراوە، تا ئێستا بێ ماڵ و بێ لانە ژیان دەگوزەرێنێ، سەربارى نەهامەتییەکانىشی، هێشتا دڵێکى گەورە لە سینەى ئەم کچەدا لێ ئەدات و بە ئومێدەوە لە ژیان دەڕوانێت.
ھ.م