واژۆ بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 كۆدەكرێنەوە

كورد لە ناوچە كوردستانییەكان لەژێر ھەڕەشەدایە

K24 - سلێمانی

فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واژوویان كۆكردوونەتەوە بۆ كاراكردنەوەی مادەی 140ی دەستووری عێراق، بۆ ئەوەی چارەسەری تەواوی كێشەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بكرێت، كە ئێستا دۆخی كورد لەو ناوچانە لە ژێر ھەڕەشەدایە و مەترسی لەسەر پێگە و ژیانی ھاووڵاتییانی كورد ھەیە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لە کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140ی دەستوور، دوای ھەوڵی لایەنە كوردستانییەكان لە کۆکردنەوەی واژۆی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان بۆ کاراکردنی لیژنەیەک کە کاربکات بۆ چەسپاندنی ئەو ماددە دەستوورەییە، کە ھێشتا بەشێکی جێبەجێ نەکراوە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێ، جێبەجێكردنی دەستووری عێراق لە بەرژەوەندی ھەموو گەلی عێراقە نەك بە تەنیا كورد و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆکتۆبەر و ئەو دۆخە ناھەموارەی کەرکووکی تێکەوتووە، بەتایبەت لە ماوەی دەسەڵاتی پارێزگاری سەپێنراوی ئەو شارە ھەڵمەتێکی تەعریب كردنەوە لە ناوچە كوردستانییەكان دەستی پێكردووە، ئەندامێكی دیكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاشكرای دەكات، كە  داواکردن و کاراکردنەوەی ئەو لیژنەیە پەیوەندی بە دۆخی کەرکووکەوە ھەیە و ئەندامانی لیژنەكەش دیاریكراون.

دوای رووخانی رژێمی بەعس و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق تا ئێستا ماددەكانی دەستوور بە تەواوی جێبەجێ نەكراون، ئەمەش وایكردووە كێشە و ناكۆكی قوڵ لە نێوان پێكھاتە و لایەنەكان سەرھەڵبدەن، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.

ھ.م