یهكێتی داوای رێككهوتنێكی تۆكمه لهگهڵ پارتی دهكات
پارتی و یهكێتی دهرگای گفتوگۆ داناخهن
K24- ههولێر:
پارتی و یەكێتی دەرگای گفتوگۆیان بە رووی یەكتردا بە كراوەیی دەھێڵنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەی 28 ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستانی نەكرد, كە تایبەت بوو بە ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان.
لهمبارهیهوه كەمال كەركوكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت چیتر دواناخرێت و لەھەمان كاتدا ئامادەی گفتوگۆكردنین.
لە بەرامبەردا ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان جهخت دهكاتهوه، ھێشتا دەرفەت لەبەردەم پارتی و یەكێتیدا ماوە، بۆ ئهوهی رێكەوتنێكی كۆنكرێتی بكەن، بەجۆرێك ھەردولا پێیەوە پابەند بن.
دوای ھەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وهك سەرۆكی ھەرێمى كوردستان، پەرلەمانی كوردستان 10ى مانگی داھاتووی وەك وادەی سوێندخواردنی یاسایی سەرۆكی ھەرێم دیاریكردووه، بەرپرسانی پارتی و یەكێتیش لە ھەوڵی ئەوەدان بەر لەو وادەیە گرفتەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، كە دیارترینیان پۆستی پارێزگاری كەركووكە.
H.B