"زیاتر لە 700 خێزانی داعش لە كەركووكن"

بەشێكیان له‌ شارەكانی دیكەی عێراقن

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، 710 خێزانی داعش لە كەركووك ھەن و داوایان كردووە، حكوومەتی عێراق ئەو خێزانانەی داعش، كە خەڵكی شارەكانی دیكەی عێراقن، بیانێرێتەوە شارەكانی خۆیان و ئەوانەشی خەڵكی كەركووكن، لە خیوەتگەیەك كۆبكرێنەوە و چاودێریان بكرێت.

رێبوار تەھا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ـی راگەیاند: "زیاتر لە 700 خێزانی داعش لە كەركووكن، 260 خێزانی چەكدارانی داعش خەڵكی كەركووكن و 450 خێزانی خەڵكی شارەكانی دیكەی عێراقیش لەو شارەن".

گوتیشی: "لە كۆبوونەوەیەكدا بە پارێزگار و ھێزە ئەمنییەكانیانی كەركووكمان راگەیاندووە، دەبێت ئەوانەی خەڵكی شارەكانی دیكەن، حكوومەتی عێراق بیاننێرێتەوە شارەكانی خۆیان، ئەوانەش كە خەڵكی سنووری كەركووكن، خێوەتگەیەكیان بۆ دروست بكرێتو  لەژێر چاودێریی ده‌زگای ئەمنی بن، ئەم دوو پێشنیازەمان بۆ كردوون و چاوەڕێی ئەوەین جێبەجێی بكەن".

رێبوار تەھا، راشیگەیاند: "ئەو ھێزانەی ئێستا لە كەركووكن بە شارەكە نامۆن و شارەزایی شارەكە نین، ئەمەش وای كردووە بۆشایی ئەمنیی دروست بێت. بۆ نموونە، پێش تەقینەوەكانی ئەم دواییەی كەركووك، زانیاریی ھەبووە، خۆشیان بە نووسراو پێشیانی ئێمەیان دا، بەڵام نەیانتوانیوە رێگری لێ بكەن، چونكە جیاوازە تۆ خەڵكی ئەو شارەبیت و دڵسۆزی شارەكە بیت، لەگەڵ كەسێكی نامۆ بە شارەكە".

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر حكوومەتی عێراق مەبەستی پاراستنی رەوشی ئەمنیی كەركووكە، دەبێ ھەماھەنگیی لەگەڵ پێشمەرگە بكات بۆ پاراستنی چوارچێوەی ئەمنیی ئەو شارە".

ھ.م