نێچيرڤان بارزانى پێشوازیى له نه‌جمه‌دين كه‌ريم كرد
نه‌جمه‌دین كه‌ریم هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت
K24 - هه‌ولێر:
نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركووك كرد. له‌و دیداره‌دا، نه‌جمه‌دین كه‌ریم به بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردن و ده‌ستبه‌كاربوونيانه‌وه وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پیرۆزبایی له نێچیرڤان بارزانی كرد.
پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه، 16/6/2019 له هه‌ولێر، دیداری نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌ڕێوه چووه. پارێزگاری پێشووی كه‌ركووك هيواى سه‌ركه‌وتنى له كار و ئه‌ركى نوێيدا بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خواست و نێچیرڤان بارزانی سوپاسى سه‌ردان و پيرۆزباييه‌كه‌ى كرد.
پاش ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو نه‌جمه‌دین كه‌ریم گه‌ڕایه‌وه هه‌رێمی كوردستان، سەرچاوەیەک لە نووسینگەكه‌ی بە کوردستان24ی راگەیاند: "نەجمەدین کەریم گەڕاوەتەوە هەولێر و لە راییکردنی کارەکانی بەردەوامە".
راشیگەیاند: "سەرجەم ئەو هەواڵانەی باس لە دەستبەسەرکردنی پارێزگاری کەرکووک دەکەن، دوورن لە راستییەوە".
پێشتر بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاویان کردبووەوە، كه نەجمەدین کەریم لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵ لە لوبنان دەستبەسەر کراوە و رادەستی حکوومەتی عێراق ده‌کرێتەوە.