مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان كۆده‌بێته‌وه
سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات
K24 - سلێمانی:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 17ی حوزه‌یرانی 2019، سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه كۆ ده‌بێته‌وه، كه بڕیاریان داوه به‌شداریی له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
په‌یامنێری كوردستان 24 له سلێمانی رایگه‌یاند، كاتژمێر 11، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێدراو، له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه كۆ ده‌بێته‌وه.
یه‌كێتی بۆ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌كه له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، شاندێكی دانوستانكاری به سه‌رۆكایه‌تیی عیماد ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبه‌كه پێك هێناوه، هه‌ریه‌ك له قادر حه‌مه‌جان، عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سووڵ، ئه‌ندامی شانده‌كه‌ن.
په‌یامنێری كوردستان 24 ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو، كاتژمێر 3ی دوای نیوه‌ڕۆ، له‌گه‌ڵ گۆڕان له مه‌كۆی سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌كه له سلێمانی كۆ ده‌بێته‌وه و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن به‌شداریی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.
هه‌ریه‌كه له دڵشاد شه‌هاب، ئومێد خۆشناو، هێمن هه‌ورامی و فرسه‌ت سۆفی، ئه‌ندامی شاندی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراون.
دوێنێ یه‌كشه‌ممه، 16ی حوزه‌یران، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو رایگه‌یاند، كه پێویسته لایه‌نه‌كان سی ڤی كاندیدانی خۆیان بۆ پۆسته‌كان ئاماده كردبێت، بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌مترین ماوه‌دا پێكهاته‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م بخرێته به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان.
ئ. م