مەسرور بارزانی پێكھێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ حزبی سۆسیالیست تاوتوێ دەكات

سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ شاندی چەند لایەنێك كۆدەبێتەوە

K24 - سلێمانی

كەمێك پێش ئێستا مەسرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەیشتە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و لەگەڵ محەمەد حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست و  شاندێكی ئەو حزبە تاوتوێی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەكەن.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ هێمن هه‌ورامی، دڵشاد شه‌هاب، شه‌عبان شه‌عبان چالی، ئومێد خۆشناو، فرسه‌ت سۆفی،  یاوه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراون. ھەر ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 16/6/2019، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو، ھەنگاو كردەیی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێ دەستپێكرد و لە دەستپێكدا لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند، پێویسته‌ لایه‌نه‌كان سی ڤی كاندیدانی خۆیان بۆ پۆسته‌كان ئاماده‌كردبێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌مترین ماوه‌دا پێكهاته‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان.

رۆژی سێشەممە 11/6/2019 په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و مەسرور بارزانی وەك سه‌رۆكوه‌زیرانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناوزه‌د كرد. رۆژی دواتر لە 12ی حوزه‌یرانی 2019،  به‌ مه‌رسوومی هه‌رێمی، مه‌سرور بارزانی، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راسپێردرا.