پێكهاته‌كان داوا ده‌كه‌ن له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت به‌شداری كارایان پێ بكرێت

مه‌سیحی و توركمانه‌كان كۆمه‌ڵێك داواكارییان داوه‌ته‌ شاندی دانوستانكاری پارتی

K24- هه‌ولێر:

بڕیارە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، پێکھاتەکان بەشداری کارایان پێبکرێت، نوێنەرانی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکەن، تا ئێستا ھیچ پۆستێك بۆ تورکمان و مەسیحیەکان یەکلایی نەبووه‌تەوە، بەڵام ئەوان پێشتر کۆمەڵێك داواکاریان داوەتە شاندی دانوستانکاری پارتی و بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە، کە بەشداری ئەمجارەیان لە کابینەکانی پێشوو جیاوازتر دەبێت.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا مەسیحیەکان داوا دەکەن، پۆستی راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری، مەسیحیەکان لە کابینەی نۆیەم زیاد بکرێت، بە وەزارەتێکیش بەشداریان لە بنیاتنانی کابینەی نوێ پێبکرێت، لەناو وەزارەتەکانیش وەزارەتێکی خزمەتگوزاری بکرێتە بەشی مەسیحیەکان، کە وەزارەتی شارەوانیە، ئەمە قسەی رۆمیۆ ھەکاری، سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەییه‌ لە پەرلەمانی کوردستان، کە ھاوپەیمانێتیەکەی لەکۆی ٥ کورسی مەسیحیەکان، خاوەنی سێ کورسی پەرلەمانیە.

پێشتر تورکمانەکان داواکاریەکانی خۆیان لە کابینەی نوێ، داوەتە شاندی دانوستانکاری پارتی، ئێستاش چاوەرێن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو سەردانیان بکات، له‌مباره‌شه‌وه‌ ئایدن مەعروف، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە ھەرێمی کوردستان پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، چاویان لەوەیە ئەمجارە، لە وەزارەتێك زیاتریان پێ بدرێت و لە ھەرسێ سەرۆکایەتیەکەش بەشداری کارایان پێبکرێت.

لە کابینەکانی رابردووی حکوومەتی ھەریمی کوردستان ھەمیشە رۆلی پیکھاتەکان لەبەرچاو گیراوە و بەشداربوونە لە دامەزراوەکانی حکوومەت, لە کابینەی نۆیه‌میش پیکھاتەکان خوازیارن رۆل و پێگەیان لەبه‌رچاو بگیریت و لە تەواوی جومگەکانی حکوومەتی داھاتوو بەشداریان پێبکریت.

H.B