ئه‌نجامى تاقیکردنەوەکانى توانستى زمان رادەگەیەنرێت
(1500) کاندید و خوازیارى بەدەستهێنانى نازناوى زانستی بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان کردووە
K24 – هه‌ولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى رادەگەیەنێت.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى بەهاوکارى رێکخراوى ئیمیدیست و سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە سێنتەرى زمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى بڵاو دەکاتەوە، بۆ ئه‌وه‌ش ئەمڕۆ سێشەممە کە دەکاتە رێكه‌وتی (18/6/2019) ئەنجامى تاقیکردنەوەى ئاستەکانى (Beginner, Elementary, Pre-Intermediate, Intermediate, Upper- Intermediate, Pre-Advanced ) ڕابگەیەنرێت كە تيايدا (1500) کاندید و خوازیارى بەدەستهێنانى نازناوى زانستی بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان کردووە.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، كه کاندیدان و خوازیاران دەتوانن سەردانى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین، سلێمانى، دهۆک، گەرمیان، سۆران و راپەڕین) بکەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامەکانیان.
ئه‌م تاقیكردنه‌وانه دوای ئه‌وه هاتن، كه كاندیدانی ماسته‌ر و دكتۆر و خوازیارانی نازناوی زانستی، دوای سه‌رنه‌كه‌وتنیان له تاقیكردنه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئایه‌ڵتس و تۆفڵ، له سه‌نته‌ره‌كانی زمان كۆرسی زمانی ئینگلیزیان بۆ كرایه‌وه.
ئه‌و كاندیدانه‌ی له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا وه‌ك كاندیدی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ناویان راگه‌یه‌ندراوه، به هۆی نه‌بوونی مه‌رجی توانستی زمانی ئینگلیزی تا ئێستا نه‌یانتوانیوه ده‌ست به خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا بكه‌ن.