بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا پاشای مەغریب ژنێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت رادەسپێرێت
محەممەدی شەشەم، پاشای مەغریب، فاتیمە زەهرا مەنسووری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەستنیشان کرد، بەمەش دەبێتە یەکەم ژن لە مێژووی مەملەکەتی مەغریبدا پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی کۆشکەکانی پادشایەتی و پرۆتۆکۆڵ لە مەغریب لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشا محەممەدی شەشەم لە کۆشکی پادشایەتی لە شاری ڕەبات پێشوازی لە فاتیمە زەهرا مەنسووری، رێکخەری سەرکردایەتیی بەکۆمەڵی پارتی 'ئەسڵ و هاوچەرخ' (الأصالة والمعاصرة) کردووە و بەپێی ماددەی 47ـی دەستوور وەک سەرۆکی نوێی حکوومەت دەستنیشانی کردووە و ئەرکی پێکهێنانی کابینەی نوێی پێ سپاردووە.
دەستنیشانکردنی مەنسووری وەک یەکەم ژن لە مێژووی پادشایەتیی مەغریبدا کە بگاتە ئەم پۆستە باڵایە، دوای ئەوە دێت پارتەکەی (ئەسڵ و هاوچەرخ) لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 23ـی ئەیلوولدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و توانی 97 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا مسۆگەر بکات.
لەو هەڵبژاردنەدا، پارتی ئەسڵ و هاوچەرخ توانی پێش هەردوو پارتی دەسەڵاتداری پێشوو، گردبوونەوەی نیشتمانیی ئازادەکان (کۆبوونەوەی نیشتمانیی سەربەخۆکان) و پارتی ئیستیقلال بکەوێت و ببێتە هێزی یەکەمی پەرلەمانی وڵات.