رێبوار تاڵەبانی: دادگا بێ تاوانی منی سەلماند و لە داهاتوو دەگەڕێمەوە کەرکووک
"زور سوپاسی پشتگیرییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم"
K24 – ههولێر:
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەستۆ پاکی لەلایەن دادگاوە وەرگرت و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی پشتگیرییەکانی سەرۆک بارزانی کرد.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رێبوار تاڵەبانی رایگەیاند: "هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بووە دەستوور لە کەرکووک جێبەجێبکرێت ئەوەی ئێستا هەیە بارودۆخێکی نائاسایی و نادەستوورییە"
راشیگەیاند: "من دانم بەو بارودۆخە نەنا بۆیە سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووم، بەڵام زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆک بارزانی و حکوومەت و ئەو حزبە کوردییانە دەکەم کە پاڵشتیان کردم".
ئاماژەی بەوەشدا: "دوێنی دۆسییەکە کۆتایی پێ هات و هیچ دۆسییەک لەسەر من نەماوە".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنانووسان، رێبوار تاڵەبانی رایگەیاند: "هەولێر و بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ چارەسەرکردنی رەوشی کەرکووک و من لای خۆمەوە چەندین سکاڵام دژی کارە نادەستوورییەکان تۆمار کردووە".
لەبارەی گەڕانەوەشی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گووتی: "لەگەڵ ئاساییکردنەوەی رەوشەکە، من دەگەڕێمەوە کەرکووک و هەرگیزیش نەمگتووە کە ناگەڕێمەوە".
لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، وەک بەرپرسێکی کورد، سکاڵا لەسەر رێبوار تاڵەبانی تۆمار کرا و هەوڵی دوور خستنەوەی لە کارەکەی دەدرا، بەڵام ئەو هەوڵانە پووچەڵکرانەوە.
H.J