لە ئیستانبۆڵ دەست بەسەر فڕۆکەیەکی ئێرانیدا گیرا
بە بڕیاری دادگایەکی تورکیا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستانبۆڵ دەست بەسەر فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری سەر بە هێڵی ئاسمانیی "کاسپیان"ی ئێراندا گیرا و سەرجەم سەرنشینەکانی دابەزێندران.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەکە لەسەر بنەمای سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی ئیستانبۆڵ بووە، ئەوەش بەهۆی نەدانی تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە فڕۆکەکانی کۆمپانیای ناوبراو کراون، کە کۆی قەرزە کەڵەکەبووەکان دەگاتە سێ ملیۆن یۆرۆ.
بڕیاری دادگا لە کاتێکدا جێبەجێ کراوە کە سەرنشینەکان لەنێو فڕۆکەکەدا بوون و ئامادەکاری بۆ فڕین بەرەو ئێران دەکرا، بەڵام پاش دەرچوونی بڕیارەکە رێگری لە فڕینی فڕۆکەکە کرا و سەرجەم سەرنشینەکانی بە ناچاری دابەزێندران.
هاوکات میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو فڕۆکەیەی دەستی بەسەرداگیراوە لە جۆری "بۆینگ 737"ـە و بە پاساوی قەرزێکی سێ ملیۆن دۆلاری گەشتەکەی هەڵوەشێنراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە مەجید ئیخوان، گوتەبێژی هێڵی ئاسمانیی کاسپیانی ئێرانی بە ئاژانسی "فارس نیوز"ی راگەیاند، کۆمپانیاکەیان سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی لە تورکیا گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان لە زووترین کاتدا.