پۆلیسی فیدڕاڵ به‌شێكی هێزه‌كانی له‌ كه‌ركووك ده‌كشێنێته‌وه‌

لیوایەك بەتەواوی شارەکەیان جێی هێشتووه‌

K24- كه‌ركووك:

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند, فیرقەی 5ى پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە باشوری کەرکوك دەستیان بەکشانەوە کردووە و لیوایەکی ئەو فیرقەییە شارەکەیان بەتەواوی جێی هێشتووه‌.

بە گوێره‌ی زانیارییەکان، ئەمڕۆ فیرقەی 5ی پۆلیسی فیدراڵی کە لە باشوری کەرکو و شارۆچکەی حەویجە جێگركرابوون، بەرەو شاری بەغدا کشانەوە و بڕیاریشە فیرقەی 15ی سوپای عێراق بێتە شوێنیان.

ئه‌و زانیاریانه‌ی کوردستان۲٤ لە سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە دەستی کەوتوون، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جێگۆڕکێ بەهێزه ئەمنیەکانی سنوری کەرکوك دەکرێت و پۆلیسی فیدراڵی لە شارەکە نامێنن و سوپای عێراق شوێنه‌كه‌یان ده‌گرێته‌وه‌.

بڕیارە لە شوێنی فیرقەی 3ی پۆلیسی فیدراڵی فیرقەی ۱۱ی سوپای عێراق بگوازرێته‌وه‌ کەرکوك.

هەروەها بڕیارە فیرقەی 6ی پۆلیسی فیدراڵی لە باشوری کەرکوك بکشێتەوە و فیرقەی 6ی سوپای عێراق لە شوێنیان دەست بەکاربێت.

H.B