لە رووداوێكی ھاتووچۆدا 6 كارمەندی ئاگركوژێنەوەی سۆران بریندار بوون
"برینی یەكێك لە كارمەندەكان سەختە"
K24 - سۆران
لەكاتی چوونیان بۆ كوژاندندنەوەی رووداوێكی ئاگرێك كەوتنەوە لە دەڤەری مێرگەسۆر، ئۆتۆمبێلێكی تیمەكانی ئاگركوژێنەوەی بەرگری شارستانی سۆران تووشی رووداوێكی ھاتووچۆ بوون و 6 كارمەند برینداربوون كە برینی یەكێكیان سەختە.
رائید كاروان میراودەلی، ئەفسەری بەشی ھونەری لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە دەڤەری مێرگەسۆر ئاگادار كراینەوە، چونكە رووداوی ئاگر كەوتنەوەكە گەورە بوو، 7 تیمی بنكەكانی بەرگری شارستانی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە بەڕێكران، لەكاتی چوونیان ئۆتۆمبێلی بنكەی بەرگری شارستانی سۆران تووشی رووداوی ھاتووچۆ بوونە كە ئەفسەرێك و شەش كارمەند بوون، لە ئەنجامدا 6 كارمەند برینداربوون، برینی یەكێك لە كارمەندەكان سەختە، ئێستا گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی مێرگەسۆر".
لەبارەی زیانەكانی رووداوی ئاگر كەوتنەوەكە رائید كاروان گوتی: "جۆری رووداوەكە ئاگركەوتنەوە بوو لە ماڵ، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام زیانی زۆری مادی لێكەوتووەتەوەو ئێستا ئاگرەكە كۆنترۆڵكراوە".
ھ.م