شەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

داوای ئامادەبوون لە تەواوی پەرلەمانتاران دەکرێت

K24 – هه‌ولێر:

پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکدا داوا لە پەرلەمانتاران دەکات رۆژی شەممە 06/07/2019 ئامادەی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بن.

بەگوێرەی نووسراوێکی پەرلەمانی کوردستان: "کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 06/07/2019 دانیشتنی ژمارە 10ی ئاسایی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق بەڕێوەدەچێت".

دوێنی چوارشەممە 04/07/2019، لیژنەی یاسای پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و لە دوای کۆبوونەوەکە،  بژار کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، داوایان کردووە لە کۆبوونەوەی داهاتوو، پێشنیازە یاساییەکانی مرۆڤناسیی، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بە خاوەنکردنی ئەو زەویانەی زێدەڕۆیان لەسەر کراوە بخرێنە بەرنامەی کاری پەرلەمان.

لە بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان بۆ دانیشتنەکەی رۆژی شەممە، ئەو پێشنیازە یاساییانە جێگایان کراوەتەوە و باسیان لێوەدەکرێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی رۆژی 30/06/2019ی پەرلەمانی کوردستان، خولی بەهارەی پەرلەمان بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژکرایەوە.

H.J