بەشێک لە خاوەن موەلیدەکانی قەزای پشدەر ماندەگرن

قایمقامیەتی قەزای پشدەر هۆشداریی دەدات

 K24 – هه‌ولێر:

بەشێک لە خاوەن موەلیدە ئەهلیەکانی قەڵادزێ مانیان گرتووە و لەبەیانی ئەمڕۆوە موەلیدەکانیان کوژاندووەتەوە و قایمقامیەتی قەزای پشدەریش دەڵێت، دەیانەوێت پارەی زیاد لە هاووڵاتیان بستێنن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی قەزای پشدەر: "بەشێکی زۆر لە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی ناو شاری قەڵادزێ و دەوروبەری بە بیانووی وەرگرتنی پارەی زیاتر لە هاووڵاتیان لەو پارەیەی کە بۆ موەلیدەەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوە مانیان گرتووە و موەلیدەکانیان بەسەر هاوڵاتیاندا کوژاندۆتەوە".

لە راگەیەندراوەکە هاتووە: "خەڵکیان توشی نارەحەتی گەرمای هاوین کردووە، بەڵام ئیدارەی راپەرین و قایمقامیەت رازی نین بە وەرگرتنی پارەی زیاد لە هاووڵاتیان".

قایمقامیەتی قەزای پشدەر هۆشداریش دەدات، سەرجەم ئەو خاوەن موەلیدانە کە موەلیدەکانیان کوژاندۆتەوە دەدرێنە دادگا و رووبەرووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

H.J