قوتابیەکی کورد بەشداری تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی بواری ناوه‌کی دەکات

دانیشتووی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه‌

K24- هه‌ولێر‌:

لە سەر ئاستی عێراق گەنجێکی کوردی دانیشتووی پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید بانگێشتی تاقیکردنەوەیەکی نێودەڵەتی بواری فیزیا و لێکۆڵینەوە لە بواری ناوکی"نه‌وه‌وی" كراوه‌ و بۆ ماوەی دوو مانگ بەشداری خول و تاقیکردنەوەکان دەکات.

ژیار حەسەن لە وڵاتی سویسرایە و تایبەت بە کوردستان 24، چۆنیەتی بانگێشتکردنی بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە و جۆری تاقیکردنەوەکە ئاشکرا کرد و گوتی: پرۆگرامەکە دوو بەشە، بەشی تیۆری کە لە چه‌ند وانه‌یه‌ك پێكدێت، هەروەها بەشی پراكتیكی کە لە چه‌ند پرۆجێکتێك پێكدێت و هەر قوتابیەك کار لە سەر پرۆجێکتێك دەکات.

ژیار گوتی: کارەکەی من لە سەر سیستمی چاودێری ئامێری "CMS"ـە، کە پێکدادانە ناوەکیەکان تۆمار دەکات و ئێمەش ڕێکخستن و چاودێری داتاکان دەکەین.

 ژیار حەسەن لە بارەی چۆنیەتی ھەڵبژاردنەکەش ئاشكرایكرد: هەڵبژاردنی قوتابیەکان لە سەر بنەمای فۆڕمێك بوو، کە له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك سایت و په‌یجه‌ تایبه‌ته‌كانی ده‌رفه‌ته‌ جیهانییه‌كان بڵاوکرابووەوه‌، لەو فۆڕمەدا کۆمەڵێك پرسیار لە سەر زانیاری و توانا و لێهاتووی تێدابوو.

ئه‌و قوتابییه‌ كورده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، لە کۆی ١٥٠٠ فۆڕم لە وڵاتانی نا ئەندام لە تاقیگەکانی سێرن، و هه‌روه‌ها ئەو فۆڕمانەی کە لەلایەن قوتابیانی وڵاتانی ئەندام لە سێرن پڕكرابوونه‌وه‌، ٣٠٠ قوتابی لە سەر ئاستی جیهان لە بوارەکانی فیزیا، زانستی کۆمپیوتەر "IT" و ئەندازیاری بۆ دوو کاتی جیاواز وەردەگیرێن.

لە بارەی ئەو بوارەی ژیار تاقیکردنەوەی تێدا دەکات گوتی: لە ڕاستیدا سێرن تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی ناوەکی "یاخود نەوەوی"، کە جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئەتۆم، بەڵام گرنگی لێکۆڵینەوە و پرۆجێکتەکانی سێرن لە ڕاستیدا زۆرن کە بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکی و چەکی ناوەکی یەکێك نییە لەوانە.

سێرن لە ڕێی تاودەرە گەردیلەییەکانەوە و دواتر پێکداکێشانیان لە ناو دیتێکتەرەکاندا کار لە سەر ئەوە دەکات، وەڵامی پرسیارە نەزانراوەکانی فیزیا بداتەوە و تێگەیشتنێکی تەواوترمان بداتێ لە سەر دروست بوونی گەردوون و گەرد و  خۆی. لێکۆڵینەوەکانی سێرن مرۆڤایەتیان زۆر بەرەو پێشتر بردووە، بۆ نموونە ئەو ئینتەرنێتەی بەکاری دێنین لە سێرن دروست کراوە، شاشەی زیرەك بۆ یەکەمجار لە سێرن دروست کراوە ... و زۆر شتی دیکە، گرنگیەکی دیکەی لە بواری بەکارهێنانە پزیشکیەکاندایە، کە ئێستا لە جیهاندا کار لە سەر تاودەری گەردیلەیی دەکرێت، بۆ بواری پزیشکی و چارەسەری شێرپەنجە.

H.B