سەنتەرێک لە کازاغستان کوردەکان کۆدەکاتەوە
کوردەکانی کازاغستان هەوڵدەدەن شووناسی خۆیان لە بیر نەکەن
K24 – ههولێر:
لە وڵاتی کازاغستان سەنتەرێکی تایبەت بەناوی "باربانگ" بۆ کوردەکانی ئەو وڵاتە هەیە و تیایدا کوردەکان هەوڵی پاراستنی شوناسی کوردبوونیان دەدەن، لەگەڵ ئەوەش، هاوشێوەی هەموو ئەو وڵاتانەی دیکە کە کوردەکان تیایاندا دەژین، خەڵک لە دەرەوەی وڵاتەکەیان وەک کازاغی دەیانبێنێت نەک کورد.
شەمۆ فاتۆێڤ، سەرۆکی سەنتەرەکە بە ئاژاناسی ئەستانە تایمزی گوتووە: "ئەو کۆمەڵەی ئێمە بەشێکین لێیان وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان وایە بەڵام بە بچووکی، هەموومان جیاوازین، بەڵام لە دەرەوەی هەموو کازاغین".
ئەو سەنتەرە کەلتوورییە لە ساڵی 2009 لە ئەستانە کراوەتەوە جیا لەوە ئامانجێکی کەلتووری هەیە، یارمەتی پێشکەش بە لێقەوماوانیش دەکات.
شەمۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێمە ئەو کەسانەش فەرامۆش ناکەین کە پێویستیان بە یارمەتی و پشتگیریی ئێمەیە. چەندین کەسی بێ دایک و باوک بەخێو دەکەین".
لە ساڵی 1930 چەند کەمینەیەک بەزۆر لە وڵاتی کازاغستان جێگیرکراون، کوردیش یەکێک بووە لەو کەمینانە، بەڵام وەک شەمۆ دەڵێت، خەڵکی کازاغستان خاوەنی "رۆحێکی" بەرزن و بە تەواوی یارمەتی کوردەکانیان داوە و ئازارەکانیان لەگەڵ بەش کردوون.
ئامانجی سەنتەرەکە ئەوەیە، کوردەکانی کازاغستان کەلتووری خۆیان لەبیر نەکەن و نەوە دوای نەوە هەڵگری شووناسی کوردایەتی خۆیان بن، بەم نزیکانەش، سەنتەرێکی فێربوونی زمانی کوردی لەناو سەنتەرەکە دەکرێتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی ساڵی 2011ی کازاغستان، 38 هەزار و 325 کورد کە دەکەنە 0.2% رێژەی دانیشتوان لە کازاغستان دەژین، لە راستیشدا، ژمارەکە لەمە زیاترە، بەڵام هەندێک لە کوردەکان خۆیان وەک تورک و ئازەری ناساندووە، بۆیە وەک کورد هەژمار ناکرێن.
H.J