لە سووریاوە هێرشکرایە سەر تورکیا
دوو مووشەک لە سووریاوە ئاراستەی تورکیا کران
K24 – ههولێر:
درەنگانی شەوی رابردوو، بەهۆی ئاراستەکردنی دوو مووشەک لە سووریاوە بۆ نێو خاکی تورکیا پێنج هاووڵاتی برینداربوون و هەسەدەش دەڵێ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
بەرپرسانی پارێزگای رحا لە تورکیا رایانگەیاند، شەوی رابردوو دوو مووشەک کە لەنێو خاکی سووریاوە ئاراستە کرابوون، لە ناوچەی سەرێکانی کەووتوونەتە خوارەوە و بەهۆیانەوە پێنج هاووڵاتی برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش رایگەیاند، دوای هێرشەکە حەوت ئامانجیان لەنێو خاکی سووریا بۆردومانکردووە.
لە یەکەم کاردانەوەشدا، کینۆ گابرێل، گوتەبێژی هێزەکانی سووریا دیموکرات هەسەدە رەتیکردەوە مووشەکەکان لە ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانیان ئاراستەی نێو خاکی تورکیا کرابێت و گوتیشی ئامانجی ئەو هێرشە تێکدانی ئارامی ناوچەکەیە.
پێش ئەم رووداوەش، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مولود چاوشئۆغڵو رایگەیاندبوو، ئەگەر ناوچەی ئارام لە سووریا دروست نەکرێت، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر سووریا دەستپێدەکەن.
H.J