لە شەش مانگدا نزیكەی 6 ھەزار كەس لە شارەكانی عێراق ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونە
نزیکەی یەک ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی عێراقی لە كوردستان نیشتەجێن
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی ئامارەكانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵەوە نزیكەی شەش ھەزار كەس لە شارەكانی عێراق ھاتوونەتە كەمپەكانی ئاوارەكان لە ھەرێمی كوردستان.
وەك لە ئامارەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، ئەو خێزانانەی لەو ماوەیە گەڕاونەتەوە بریتین لە ھەزار و 586 خێزان، كە بەھۆی بارودۆخی ئەمنییەوە لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە ھاتوونەتە كەمپەكان لە ھەرێمی كوردستان، لەناویاندا 301 خێزان دووبارە گەڕاونەتەوە كە ژمارەیان ھەزار و 263 كەسە.
لە بەشێكی دیكەی ئاماری دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەوە خراوەتەڕوو، 5 ھەزار و 764 منداڵی بێ باوك لە كەمپە فەرمییەكانی ھەرێمی كوردستان ھەن.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكان، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی عێراقی و 275 هەزاری دیکەش لە وڵاتانی دەوروبەر لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن.
ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماری شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵی بڵاوكردەوە.
ھ.م