پەرلەمانتارێکی پارتی داوای لێدانی چوار بیری ئیرتوازی بۆ کۆیە دەکات

ئاڤێستا مام یەحیا
ئاڤێستا مام یەحیا

ئاڤێستا مام یەحیا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاو لە قەزای کۆیە چوار بیری ئیرتوازی ئاو لێبدات.

بە گوێرەی ئەو نووسراوەی ئاڤێستا مام یەحیا پیشکەشی وەزارەتەکەی کردووە، تێیدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی دووری نێوان کۆیە و هەولێر 75 کیلۆمەترە و ناوچەکەش بەتایبەت لە وەرزی هاویندا بەدەست کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە گرفتارە، پێویستە رەزامەندی لەسەر پڕۆژەی لێدانی 4 بیری ئیرتوازی بدرێت.

بەگوێرەی داواکارییەکە، ئامانج لەو پڕۆژەیە دابینکردنی ئاوی پێویستە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، کە بەهۆی زۆریی چڕیی دانیشتووان و کەمیی سەرچاوەکانی ئاوەوە رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، داوای کردووە 2 بیری ئیرتوازی لە تەنیشت حەوزی مەحموودە لە ناوچەی هەیبەت سوڵتان و 2 بیری دیکەش لە تەنیشت حەوزی کیلە خوارە لە ناوچەی حەمامۆک لێ بدرێت.

ئەم داواکارییە لە میانی دانیشتنی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا خراوەتە بەردەم وەزارەتی سامانە ئاوییەکان، تا وەڵامی پێویست بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە بدرێتەوە و کێشەی ئاو لەو سنوورە چارەسەر بکرێت.