فڕۆکەهەڵگرێکی ئەمریکی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت

فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیی "سیۆدۆر رۆزفێڵت" بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت تا ئەرکەکانی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" لە ناوچەکەدا بگرێتە ئەستۆ.

رۆژنامەی زە هێڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "سیۆدۆر ڕۆزفێڵت" لە ناوەڕاستی ئەو گرژییانەدا دەگاتە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەکان. بەگوێرەی ئەو وێبسایتانەی چاودێریی کەشتییەکان دەکەن، ئەو کەشتییە کە فەرماندەیی گرووپی نۆیەمی هێرشبەریی فڕۆکەهەڵگرەکانە، یەکشەممەی رابردوو بنکەی سان دیێگۆی جێهێشتووە.

ئەم فڕۆکەهەڵگرە ئەرکەکانی جۆرج واشنتن تەواو دەکات، کە پێشتر لە ژاپۆن جێگیر بوو، بەڵام مانگی رابردوو بۆ سنووری بەرپرسیارێتیی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" گواسترایەوە.

گوتەبێژی فەرماندەییی ئەمریکی لە زەریای هێمن روونیکردەوە، فڕۆکەهەڵگری "ڕۆزفێڵت" لە چوارچێوەی ئەرکە ئاسایییەکانی سنووری بەرپرسیارێتیی فەرماندەییی سێیەمدا کار دەکات.

واشنتن هەوڵەکانی بۆ دڵنیابوون لە رەوانیی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمز چڕ کردووەتەوە و کەشتییە جەنگییەکانیش بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لە دەریای عەرەب.

فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی تەممووزەوە زیاتر لە 122 کەشتیی بازرگانی ئاراستە کراونەتەوە تا پابەند بن بەو رێکارانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بڕی ئەو نەوتەی بەو رێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕیوە، لە مانگەکانی رابردوودا یەک ملیار بەرمیلی تێپەڕاندووە.