مامۆستایانی زانكۆ بەشداری لە دانانی پلانی چوار ساڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەن
وەزارەتى خوێندنى باڵا مامۆستایانى زانکۆ ئاگادار دەكاتەوە
K24 - ھەولێر
وتەبێژی وەزاتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بۆ وەرگرتنى راو پێشنیازى مامۆستایان و بەشدارى پێکردنیان لە داڕشتنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان دەکات، پێشنیازەکانیان بۆ وەزارەت بنێرن.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە لە لێدەوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت کە لە رۆژى 24/7/2019 بەڕێوەچوو، ئەنجوومەن، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ کۆکردنەوەى پێشنیازى زانکۆکانى کوردستان بە مەبەستى ئامادەکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت".
گوتیشى: "لەسەر راسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا کە مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستانیش بۆیان هەیە لەڕێگەى ئیمێڵی ([email protected])، راو پێشنیازیان بۆ کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بنێرن. ڕاشیگەیاند بۆ ئەوەى مامۆستایانى زانکۆ پێگە و کاریگەریان لەسەر پرۆسەى خوێندن لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا هەبێت، بەشداریان پێدەکرێت لەڕێگەى وەرگرتنى راو پێشنیازیان بۆ کارنامەى چوار ساڵى کارکردن، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرکەوتن و جێبەجێ کردنى پلانى کارکردن".
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند: "مامۆستایانى زانکۆ، دەتوانن لەماوەى 10 رۆژدا واتە لە ئەمڕۆ رێکەوتى 28/7/2019 تاکو 7/8/2019 پێشنیاز و بۆچوونیان لەبارەى ئەو بابەت و پڕۆژەو بەرنامانەى کە پێیان باشە وەک کارنامەى وەزارەت، بنێرن بۆ وەزارەتەکەمان و لەلایەن لێژنەى تایبەتمەند سەیرى تەواوى پێشنیازەکان دەکرێت و لەکارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت جێگەى بۆ دەکرێتەوە".
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، وەزارەتەکانى راسپاردوە لەماوەى 30 رۆژدا لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، کارنامەى وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بكەن، بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
ھ.م