له‌نده‌ن گوێ به هۆشدارییه‌كانی تاران نادات و كه‌شتییه‌كی دیكه‌ی جه‌نگی ره‌وانه‌ی كه‌نداو كرد
به‌ریتانیا: ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێك له ئاڵۆزییه‌كانی ئێران نه‌كرێت كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانمان له كه‌نداو ناكشێنینه‌وه
K24- هه‌ولێر:
حكوومه‌تی به‌ریتانیا راگه‌یاند، دووه‌م كه‌شتیی جه‌نگی وڵاته‌كه‌یان بۆ پارێزگاریكردن له ئاسایشی كه‌شتییه بازرگانییه‌كانیان له گه‌رووی هورمز گه‌یشته كه‌نداو.
حكوومه‌تی به‌ریتانیا له پێگه‌ی فه‌رمی خۆی ئاشكرایكرد، كه‌شتییه جهنگییهكهیان "HMS DUNCAN"، كه گه‌یشتووه‌ته گه‌رووی هورمز، له‌گه‌ڵ كه‌شتی "HMS MONTROSE" جه‌نگییه‌كه‌ی دیكه‌یان یاوه‌ری كه‌شتییه بازرگانییه‌كانی به‌ریتانیا له ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
بین والاس، وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی: ئازادی ده‌ریاوانی له گه‌رووی هورمز كارێكی زیندووه نه‌ك ته‌نیا بۆ به‌ریتانیا، به‌ڵكو بۆ هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌ریتانیاش.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر هیچ چاره‌سه‌رێكی دیپلۆماسی بۆ گرژییه‌كانی تایبه‌ت به ئێران نه‌دۆزرایه‌وه، كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانیان ده‌مێننه‌وه و له هورمز پاسه‌وانی كه‌شتییه بازرگانییه‌كانیان ده‌كه‌ن.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، ئه‌مساڵ كه‌شتیی "HMS KENT" شوێنی تێكشكێنه‌ره دهریاییهكهیان "HMS DUNCAN" ده‌گرێته‌وه و، به‌ڵام تا ساڵی 2022 كه‌شتی جه‌نگیی "HMS MONTROSE" له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌مێنێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی به وردی ئاماژه به شوێنی هه‌میشه‌یی لهنگهرگرتنهكهیان بكات.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ریتانیا دوای كێشه‌ی هه‌ردوو نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی ئێران و به‌ریتانیا هاتووه، كه له ئه‌نجامی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی نه‌وتهه‌ڵگرێكی ئێرانی له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه له گه‌رووی جه‌به‌ل تارق، ئێرانیش كه‌شتییه‌كی به‌ریتانی له گه‌رووی هورمز ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، هه‌ر ئه‌مڕۆ ئێران هۆشداری له‌باره‌ی ره‌وانه‌كردنی كه‌شتیگه‌لی جه‌نگی ئه‌وروپی دایه وڵاتانی ئه‌وروپا و رایگه‌یاند، ناردنی هێزی ده‌ریایی زیاتر بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو، دۆخی ناوچه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات.
عه‌لی ره‌بیعی، وته‌بێژی حكوومه‌تی ئێران گوتی: تاران پێشنیازی له‌نده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا ئێران كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی به‌ریتانیا ئازاد بكات ره‌ت ده‌كاته‌وه، دووپاتیشی كرده‌وه: سه‌ره‌تا پێویسته به‌ریتانیا نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی ئێران ئازاد بكات، كه له گه‌رووی جه‌به‌ل تارق ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه، ئینجا تاران بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی به‌ریتانیا ده‌دات.
H.B