27 خێزانی پێشمەرگە بریندارەکان کرانە خاوەن پڕۆژە
حکوومەتی هەرێم بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا و وڵاتی ئەڵمانیا هاوکاری پێشمەرگە بریندارەکان دەکات
K24 – ههولێر:
حکوومەتی هەرێم بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا و وڵاتی ئەڵمانیا هاوکاری پێشمەرگە بریندارەکان دەکات.
پڕۆژەیەک بە ناوی "قودرە" بۆ هاوکاری کردنی پێشمەرگە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کۆتایی هات و حکوومەتی هەرێمیش سوپاسی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا دەکات.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا دەکەین، کە لە رووی داراییەوە هاوکاری جێبەجێکردنی بەرنامەی قودرەی کرد، کە بۆ ژمارەیەک لە پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش جێبەجێکرا و پڕۆژەکەش بە سەرکەوتووی کۆتاییهات.
ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان نزیکەی 12 هەزار شەهید و برینداری لە شەڕی داعش داوە.
وەزیری ناوخۆ ئاشکراشیکرد، هێشتا مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە.
هەر لەبارەی ئەو پرۆژەیە، کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: " خێزانی پێشمەرگەکان هاوشێوەی پێشمەرگەکان پاڵەوانن لە شەڕی دژ بە داعش، بۆیەش خۆشحاڵم توانیومانە هاوکاری 27 خێزانی پێشمەرگە و 140 کەس لە رەگەزی نێر بکەین".
پڕۆژەکە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا و وڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامدرا و تیایدا هاوکاری پێشکەشی ئەو پێشمەرگانە کرا کە رێژەی کەم ئەندامبوونیان لە 50% زیاترە تاکو بتوانن دووبارە خۆیان لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگادا بگونجێنەوە و بشتوانن بۆ بەدەستهێنانی داهات پشت بەخۆیان ببەستن.
H.J