نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران دەكرێتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەزامەندیی دەربڕیووە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەزامەندیی لەسەر كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە دەڤەری سۆران داوە، قایمقامی قەزای سۆرانیش رایدەگەیەنیت، شوێنیان بۆ نووسینگەكە دیار كردووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكرێتەوە.

كرمانج عزەت، قایمقامی قەزای سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە رێگەی ناسر ھەركی، پەرلەمانتاری عێراق، رەزامەندیی كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەرگیرا، ئەمڕۆ لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی ھەولێر بۆ ئەم مەبەستە سەردانی سۆرانیان كرد و گفتوگۆمان لەبارەی كارە ھونەرییەكان و دیاركردنی شوێنێك بۆ نووسینگەكە كرد".

گوتیشی: "وەك ئیدارەی سۆران شوێنمان بۆ كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت دیار كردووە و وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستانیش كەلوپەلی پێویست بۆ نووسینگەكە دابین دەكات، ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی ھەولێریش كارە ھونەرییەكان جێبەجێ دەكات".

قایمقامی سۆران راشیگەیاند: "دوێنێ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە پەیوەندییان پێوە كردم، بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ كارە ھونەرییەكان و ئامادەكردنی شوێن".

رۆژی 24/7/2019 ناسر ھەركی، پەرلەمانتاری كورد و بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نووسراوی فەرمیی نووسینگەكەی داوای لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق كرد، كە بۆ ئاسانكاریی خەڵكی ناوچەكە نووسینگەی پاسپۆرت لە دەڤەری سۆران بكەنەوە، كە سنووری چوار قەزا لە خۆ دەگرێت، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رەزامەندیی لەسەر داواكارییەكە دەربڕی.

دەقی داواكەی ناسر ھەركی پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق
دەقی داواكەی ناسر ھەركی پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق
نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران دەكرێتەوە
نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران دەكرێتەوە
نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران دەكرێتەوە