ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

گفتوگۆ لە بارەی ژماره‌یه‌ك بابەت كرا

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشەممە، 30 ی تەمووزی 2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆ بووه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ندین بابه‌ت كرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، کە هەفتەی رابردوو لە هەولێر شاندی باڵای هەردوولا کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە بارەی سێ تەوەر کرا، کە بریتی بوون لە نەوت و گاز، بودجە، کێشە داراییەکان و ناوچە كوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیداره‌ی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە درا، چەند لێژنەیەکی تەکنیکی پێک هاتوون، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی وردەکارییەکان و هەردوولا پێشنیاز و کارنامەی تایبەتییان ئامادە کردووە و بڕیارە بەم زووانە درێژە بە گفتوگۆکان بدرێت.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتیی راژە لە هەرێمی کوردستان کرا، بۆ رێکخستنەوەی کاروباری فەرمانبەران. ئەم بابەتەش بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازیی، کە لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیار درا هەموو ئەو وەزارەتانەی داهاتیان هەیە، گشت داهاتەکانیان بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، پێداچوونەوەش بە خەرجیيەکانی هەر وەزارەتێك بکرێت و دواتر بە پێی پێویستی و تایبەتمەندیی، پێداویستیی خەرجییەکانی هەر وەزارەتێك دابین بکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازیی لە خانه‌نشینی، مووچە، دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان، کرد. بڕیار درا، گفتوگۆی پێویست لە بارەیه‌وە بکرێت و لە نزیکترین کاتدا بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبووەنەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار، تەندروستی، ناوخۆ و دەستەی ژینگەی راسپارد، هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکەن، بۆ ئامادەکردنی رێنمایی پێویست بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی گەشتیاران و هاووڵاتیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.

H.B