مه‌سرور بارزانی: پێویستە حیزبەکان هاوکاریی حکوومەت بكه‌ن

"حکوومەتی هەرێم حکوومەتی هەموو خەڵکی کوردستانە"

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە، 30 تەممووزی 2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و شاندێکی یاوه‌ری كۆ بووه‌وه‌.

سەعدی پیرە بە نوێنەرایەتیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکوومەت کرد، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ و پشتیوانیی یەکێتیشی بۆ حکوومەت دەربڕی.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی شاندی میوانی کرد و گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەموو خەڵکی کوردستانە و پێویستە بە بێ هیچ جیاوازییەك، خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات و حیزبەکانیش پێویستە هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بن، بۆ ئەوەی کارنامەکەی جێبەجێ بکات.

H.B