یادی 36 ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەکرێتەوە
رێوڕەسمێکی فراوان ئەنجام دەدرێت و بەرپرسانی باڵا و نوێنەرانی وڵاتان بەشدار دەبن
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31/07/2019، لە ڕێوڕهسمێکدا، یادی 36ی ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە دەڤەری بارزان دەکرێتەوە.
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون، لە بارەی ئهو رێوڕەسمه بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە بەشداریی کەسوکاری قوربانیان، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق، نوێنەری حکوومەتی عێراق، نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەمڕۆ کاتژمێر چوار و 30 خولەک، مەراسیمەکە دەست پێ دەکات".
راشیگەیاند: "لە مەراسیمەکەدا، پەیامی کەسوکاری ئەنفالکراون و سەرۆکایەتییەکانی هەرێم دەخوێندرێتەوە، پاشان تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفالکراوەکان لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوانی بارزانییەکان دادەنرێت".
لە 31/07/1983، رژێمی بەعس شاڵاوێکی رەشبگیریی بۆ سڕینەوەی بارزانییەکان و کپکردنی شۆڕشی کورد دەست پێ کرد و تیایدا ههشت ههزار هاووڵاتىی دانیشتووى كۆمهڵگه زۆرهملێكانى قوشتهپه، بهحركه، ههریر و دیانا، بەرەو بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و زیندە بەچاڵ کران.
H.J