یادی 36 ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەکرێتەوە

رێوڕەسمێکی فراوان ئەنجام دەدرێت و بەرپرسانی باڵا و نوێنەرانی وڵاتان بەشدار دەبن

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31/07/2019، لە ڕێوڕه‌سمێکدا، یادی 36ی ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە دەڤەری بارزان دەکرێتەوە.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون، لە بارەی ئه‌و رێوڕەسمه‌ بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە بەشداریی کەسوکاری قوربانیان، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق، نوێنەری حکوومەتی عێراق، نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەمڕۆ کاتژمێر چوار و 30 خولەک، مەراسیمەکە دەست پێ دەکات".

راشیگەیاند: "لە مەراسیمەکەدا، پەیامی کەسوکاری ئەنفالکراون و سەرۆکایەتییەکانی هەرێم دەخوێندرێتەوە، پاشان تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفالکراوەکان لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوانی بارزانییەکان دادەنرێت".

لە 31/07/1983، رژێمی بەعس شاڵاوێکی رەشبگیریی بۆ سڕینەوەی بارزانییەکان و کپکردنی شۆڕشی کورد دەست پێ کرد و تیایدا هه‌شت هه‌زار هاووڵاتىی دانیشتووى كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكانى قوشته‌په‌، به‌حركه‌، هه‌ریر و دیانا، بەرەو بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و زیندە بەچاڵ کران.

H.J