مەسرور بارزانی: جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان نەیتوانی گیانی خۆڕاگریی لەم دەڤەرە کپ بکات

"گەلی خۆڕاگرمان و کەسوکاری ئەنفالکراوه‌كان شایستەی هەموو خزمەت و ئاوڕدانەوەیەکن"

K24 - ھەولێر

بە بۆنەی تێپەڕبوونی 36 ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند: "جینۆسایدكردنی هەشت هەزار بارزانی، نەیتوانی گیانی خۆڕاگریی و بەرگریی و تیکۆشان لەم دەڤەرە کپ بکات".

لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا ھاتووە: "ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر ئەنفال وجینۆسایدکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت. جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەستپێکی شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستانی بەدوادا هات".

مەسرور بارزانی، لەو پەیامەدا رایدەگەیەنێت: "دەڤەری بارزان لە سەدەی رابردوودا بە دەیان جار دووچاری وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژیی بووەتەوە، کە دواترینیان هەڵمەتی جینۆسایدكردنی هەشت هەزار بارزانی بووە، بەڵام ئەم هەموو ستەمە نەیتوانی گیانی خۆڕاگریی و بەرگریی و تیکۆشان لەم دەڤەرە کپ بکات و دواجار خەبات و قوربانیی گەلەکەمان و تێکۆشانی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسکەوت و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە و گەلەکەمان مایەوە و ئەنفالچییەکان لەناوچوون. گەلی خۆڕاگرمان و کەسوکاری ئەنفالەکان شایستەی هەموو خزمەت و ئاوڕدانەوەیەکن. وەک حکوومەتی هەرێم لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی شەهیدان وئەنفالکراوانەوە دەستەبەری هەموو ماف و پێداویستییەکانی ئەم ئازیزانەمان بکرێت و خاڵێکی سەرەکیی دانوستانیشمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک هەمیشە، پێداگریی دەبێت لە سەر قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیانی هەڵمەتەکانی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان".

 

دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

 

ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر ئەنفال وجینۆسایدکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت. جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەستپێکی شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستانی بەدوادا هات.

دەڤەری بارزان لە سەدەی رابردوودا بە دەیان جار دووچاری وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە کە دواترینیان هەڵمەتی جینۆسایدی هەشت هەزار بارزانی بووە، بەڵام ئەم هەموو ستەمە نەیتوانی گیانی خۆڕاگری و بەرگری و تیکۆشان لەم دەڤەرە کپ بکات و دواجار خەبات و قوربانیی گەلەکەمان و تێکۆشانی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسکەوت و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و گەلەکەمان مایەوە و ئەنفالچییەکان لەناوچوون.

گەلی خۆڕاگرمان و کەسوکاری ئەنفالەکان شایستەی هەموو خزمەت و ئاوڕدانەوەیەکن. وەک حکوومەتی هەرێم لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی شەهیدان وئەنفالکراوانەوە دەستەبەری هەموو ماف وپێداویستیەکانی ئەم ئازیزانەمان بکریت و خاڵێکی سەرەکیی دانووستانیشمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک هەمیشە پێداگری دەبێت لە سەر قەرەبۆکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیانی هەڵمەتەکانی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتاییدا سەری رێز بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و یادیان هەمیشە بە شکۆوە رادەگرین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان