مه‌راسیمی ساڵڕۆژی جینۆسایدی بارزانییه‌كان ده‌ستیپێكرد

به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رێواس فایه‌ق و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، له‌سه‌ر مه‌زاری ئه‌نفالكراوانی بارزان، مه‌راسیمی 36 ساڵه‌ی یادی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ ده‌ستیپێكرد.

له‌ سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌دا، پارێزگاری هه‌ولێر، نه‌وزاد هادی له‌ وته‌یه‌كدا وێڕای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان و به‌شداربووانی مه‌راسیمه‌كه‌، باسی له‌ نه‌هامه‌تی و ئه‌و سته‌مه‌ی كرد، كه‌ رژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانی كورد به‌ گشتیی و بارزانییه‌كان ئه‌نجامیداوه‌.

دواتر هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاجه‌گوڵینه‌یان له‌سه‌ر گڵكۆی قوربانیانی جینۆسایدی بارزان دانا. 

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، به‌شیر حه‌داد و نوێنه‌ران و كونسوڵخانه‌كانی وڵاتانی بیانی تاجه‌گوڵینه‌یان له‌سه‌ر مه‌زاره‌كه‌ دانا.

لە 31/07/1983، رژێمی بەعس شاڵاوێکی رەشبگیریی بۆ سڕینەوەی بارزانییەکان و کپکردنی شۆڕشی کورد دەستپێکرد و تێیدا هه‌شت هه‌زار گه‌نج و لاوی بارزانی دانیشتووى كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكانى قوشته‌په‌، به‌حركه‌، هه‌ریر و دیانا، بەرەو بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و زیندە بەچاڵ کران.