مەسرور بارزانی: هێشتا داعش هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی دەکات

K24 - ھەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە هۆی سەقامگیرنەبوونی ئاسایش لە هێندێک ناوچەی عێراقدا، شانە نووستووەکانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ کردووەتەوە و هێشتا داعش هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی سەربازیی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتیی جەنەڕال گریگۆری کرودەر.

لەم کۆبوونەوەیەدا، دوا رەوشی ئاسایشی ناوچە جیاجیاکانی عێراق گفتوگۆی لەسەر کرا، هاوكات جەخت لە کاراکردنی مەیدانیی ھەرچی زووتری میکانیزمی ھەماھەنگیی ھاوبەشی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، کرایەوە.

شاندی ئەمەریکی دووپاتیان کردەوە، لە سەر هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە نێوان یەکەکانی پێشمەرگەدا، بەردەوام دەبن .

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی حکوومەتی ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەش دا کە بە هۆی سەقامگیرنەبوونی ئاسایش لە هێندێک ناوچەی عێراقدا، شانه نووستووەکانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ کردووەتەوە و گوتیشی: هێشتا داعش هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە.

سەرۆکی حکوومەت ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا، لە پێناو نەهێشتنی هەڕەشەی تیرۆریستان، پێویستە هۆکارەکانی سەرھەڵدانی توندوتیژی لەناو ببردرێن، ئەو چەندەش بە رێگەی چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەریی و یەکتر قبوڵکردن جێگیر دەبێت.