نێچیرڤان بارزانی: پێویسته حكوومه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانی كوردستان بكاته‌وه
ئه‌مساڵ یادی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان خه‌مناكتره
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، له وتارێكدا، كه له مه‌راسیمی 36 ساڵوه‌گه‌ڕی جینۆسایدی بارزانییه‌كان پێشكه‌شیكرد، رایگه‌یاند، ئه‌مساڵ یادی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان خه‌مناكتره، چونكه چاومان له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی بیابانی سه‌ماوه‌یه.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: تا ئێستا له كۆی هه‌شت هه‌زار ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان ته‌نیا 596 رووفات هێنراونه‌ته‌وه بۆ نیشتمان. له هه‌شت هه‌زار بارزانییش، ته‌نیا رووفاتی 596 كه‌س كه شه‌هید كراوون گه‌ڕ]ندراونه‌ته‌وه ده‌ڤه‌ری بارزان.
هه‌روه‌ها گوتی: یادكردنه‌وه‌ی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان ئه‌مساڵ خه‌مناكتره، دیمه‌نه‌كان زۆر دڵهه‌ژێنن، له بیابانه‌كانی سه‌ماوه، منداڵ دۆزراوه‌ته‌وه به سینگی دایكییه‌وه‌یه‌تی و گوللـه باران كراوه، ژنێكی دیكه دۆزراوه‌ته‌وه، كه پێنج منداڵی به ته‌نیشتییه‌وه‌ن و گوللـه‌باران كراوه.
گوتیشی: جارێكی دیكه دیمه‌نی گولـله بارانكردن و زینده‌به‌چاڵكردنی 182 هه‌زار ژن و منداڵ و گه‌نج و لاوی كوردمان دێته پێش چاو.
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، گوتی: له یادی ئه‌نفالی بارزانییه‌كاندا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه، به پێی ده‌ستووری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان حكوومه‌تی عێراق پێویسته قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و زیانلێكه‌وتووانی كوردستان بكاته‌وه.