رێواز فایه‌ق: ئه‌نفالی بارزانییه‌كان ئامانج لێی پاكتاوكردنی گه‌لی كورد بوو
په‌رله‌مان ده‌كه‌ینه گۆڕه‌پانی خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان
K24 – هه‌ولێر:
له رێوڕه‌سمی 36 ساڵه‌ی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان، رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌نه گۆڕه‌پانی خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان.
له وتاره‌كه‌یدا رێواز فایه‌ق دووپاتیكرده‌وه، كۆبوونه‌وه‌یان له بارزان بۆ یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساته جه‌رگبڕه‌كه‌ی ئه‌نفالكراوانی بارزانییه، كه له پرۆسه‌یه‌كدا جینۆساید كران، كه ئامانج لێی پاكتاوكردنی گه‌لی كورد بوو، گه‌لێك كه له رێگه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌وه هه‌وڵی سڕینه‌وه و شوناسی چه‌ندین ساڵه‌ی درا.
گوتیشی: سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ رۆحی به‌رزه‌فڕی ئه‌نفالكراوانی بارزان و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان داده‌نوێنم.
هه‌روه‌ها گوتی: من وه‌كو ژنێكی له‌دایكبووی گه‌رمیانی ئه‌نفالستان، سه‌خته باس له رووداوێكی جه‌رگبڕی دژ به گه‌له‌كه‌م و مرۆڤایه‌تی بكه‌م، به‌ڵام باش تێده‌گه‌م كه بارزانی، گه‌رمیانی، خۆشناو یان ته‌نیا كوردێك بیت و یادی ئه‌نفال بكه‌یته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: شاڵاوی ئه‌نفال ته‌نیا كاره‌ساتێك نییه بۆ یادكردنه‌وه، به‌ڵكو رۆژێكی مێژوویی گرنگه، كه ده‌بێت گوفتاره‌كانمان به‌رامبه‌ر به خواست و داواكارییه ره‌واكانی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و كوردستانیان به گشتی بكه‌ین به كردار. هاوكات به‌رزراگرتن و به زیندوو هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م یاده، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌كات، كه خزمه‌تكاری راسته‌قینه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بین و به‌رپرسیارمان ده‌كات له ئاماده‌بوونمان له هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی، كه به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون.
روونیشیكرده‌وه، تاوانی ئه‌نفال ته‌نیا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ناخاته ژێر به‌رپرسیارێتی، به‌ڵكو سه‌ركردایه‌تی سیاسی عێراق، وڵاتانی دراوسێ و ته‌واوی جیهان به‌رپرسیار ده‌كات له به‌رده‌م دادگای ویژدان و مێژوو، بۆ رێگریكردن له ئه‌نفالكردن و تاوانی هاوشێوه.