حزبه كوردییه‌كان داوا ده‌كه‌ن پێش هه‌ڵبژاردن ره‌وشی كه‌ركووك ئاسایی بكرێته‌وه
له 2005ه‌وه هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه
K24 – هه‌ولێر:
له شاری كه‌ركووك حزبه كوردییه‌كان، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه. داوایان كرد، پێش ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌بچێت، پێویسته ره‌وشی كه‌ركووك ئاسایی بكرێته‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بڕیاری داوه، رۆژی 1ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2020 پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.
سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی لایه‌نه كوردییه‌كان، له یاساكه‌دا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك به ره‌وشی شاری كه‌ركووك نه‌به‌خشراوه. وه‌ك پارێزگاكانی دیكه پرۆسه‌كه‌ی تێدا به‌ڕێوه ده‌چێت.
له 2005ه‌وه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له شاری كه‌ركووك ئه‌نجام نه‌دراوه.
ئیبراهیم خه‌لیل، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ حزبه كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه و داوایان كردووه، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بكرێت، پێویسته ره‌وشی كه‌ركووك ئاسایی بكرێته‌وه.
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر له‌م دۆخه‌ی ئێستای كه‌ركووك هه‌ڵبژاردن بكرێت، كورد زیانی به‌رده‌كه‌وێت".
له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24دا، "ره‌سوڵ ره‌ئوف"، به‌رپرسی لقی كه‌ركووكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، "به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركووك كارێكی ناده‌ستوورییه".
ره‌سوڵ ره‌ئوف گوتیشی: "به گوێره‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق، ده‌بێت ره‌وشی كه‌ركووك ئاسایی بكرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و قۆناغه‌ی مادده‌كه جێبه‌جێ نه‌كراوه".
ئه‌وه‌شی گوت: "له یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكاندا هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی بۆ كه‌ركووك دیار كراوه، كه به زیانی كورد ده‌شكێنه‌وه".
له‌و باره‌یه‌وه روونیكرده‌وه، "به گوێره‌ی یاساكه، له‌و ناوچانه‌ی بایۆمه‌تری به رێژه‌ی %75 نه‌كرابێت، هاووڵاتیان ده‌توانن به دوو به‌ڵگه‌نامه ده‌نگ بده‌ن، ئه‌مه‌ش رێگه خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كانی سنووری كه‌ركووك ساخته‌كاری گه‌وره بكرێت".
ره‌سوڵ ره‌ئوف ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه به‌و جۆره به‌ڕێوه‌بچێت، ره‌وشی ناوچه‌كه ئاڵۆز ده‌بێت و كێشه‌كان زیاتر ده‌بن".
به‌رپرسی لقی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان داواشی له لایه‌نه سیاسییه‌كان كرد، یه‌ك ده‌نگ بن و رێگه نه‌ده‌ن به هۆی ناكۆكییه‌كانیانه‌وه زیان به پێگه‌ی كورد له كه‌ركووك بكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی رابردوودا 59 هه‌زار ده‌نگی كورد به هۆی فره لیستییه‌وه به هه‌ده‌ر دران".