بڕیارێکی ئەمەریکا سەرکردەکانی حەشدی شەعبی دەکاتە نەیار
دووبەرەی دژ بەیەک لە ناو حەشدی شەعبی دروستبووە
K24 – ههولێر:
دوای بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ هەڵوەشانەوە و تێکەڵکردنی گروپەکانی حەشدی شەعبی بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان، ناکۆکی لە نێوان سەرکردەکانی حەشد دروستبووە و بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون.
بەرەیەکیان لە لایەن فالح فەیاز، هادی عامری و قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکرێت و لە ترسی سزاکانی ئەمەریکا، پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکە راگەیاندووە.
بەرەی دووەم، کە دژی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبین، ئامادەنین بڕیارەکەی حکومەت جێبەجێ بکەن، لەلایەن ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و چەند سەرکردەیەکی مەیدانی گروپە چەکدارەکانی لەگەڵە و بە تەواوی پابەندبوونی خۆیان بە فەرمانەکانی ئێران راگەیاندووە.
ئەبومەهدی موهەندیس بەڕادەیەک لە قاسم سولێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران نزیکە، چەندین جار گوتوویەتی، بە شانازییەوە خۆی بە سەربازێکی گوێڕایەلی سولێمانی دەزانێت.
پێشتر، واشنتن سزای خستە سەر هەردوو سەرکردەی مەیدانی حەشد، رەیان کلدانی و رەعد قەدۆ، ئەمەش ترسی لای هەندێک لە سەرکردەکانی حەشد دروستکردووە.
ترسی ئەمەریکا لە حەشدی شەعبی ئەوەیە، لە لایەن هەندێک سەرکردەی شیعی و ئێرانەوە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە بەکار بێن، بەوەی پێشتر ئێران هەڕەشەی هاوشێوەی لە ئەمەریکا لە ئەگەر دروستبوونی جەنگ کردووە.
H.J