فه‌ره‌نسا: ئێمه و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا دژی سزادانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانین
نیگه‌رانی خۆی له هه‌مبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربڕی
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له پاریس، له‌نده‌ن و به‌رلین دژی ئه‌وه‌ن سزا به‌سه‌ر محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بسه‌پێندرێت.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، نیگه‌رانی خۆی له هه‌مبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربڕی، كه تێیدا سزای به‌سه‌ر زه‌ریفدا سه‌پاندووه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌ته‌كه، راشیگه‌یاندووه، هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیاش دژی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریكان.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: له‌و بڕوایه‌داین هه‌موو كه‌ناڵه دیپلۆماسییه‌كان پێویسته به كراوه‌یی بمێننه‌وه، به تایبه‌تی له سه‌روبه‌ندی هاتنه‌ئارای گرژییه‌كاندا.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای دارایی به‌سه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا سه‌پاند.
به گوێره‌ی بڕیاره‌كه، ئه‌گه‌ر زه‌ریف پاره و سامانی له بانكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، یاخود هه‌ر بانكێكی وڵاتانی هاوپه‌یمانی واشنتن هه‌بێت بلۆك ده‌كرێت.
له لایه‌ن خۆیه‌وه، یه‌كێتی ئه‌وروپا دوێنێ پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام برۆكسل به‌رده‌وام ده‌بێت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفدا.
كارلۆس مارتن رۆیزدی گۆردیۆلا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا گوتی: به‌داخه‌وه بۆ ئه‌و بڕیاره.. ئێمه له لایه‌ن خۆمانه‌وه به‌رده‌وام ده‌بین و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا مامه‌ڵه ده‌كه‌ین. به‌و پێیه‌ی زه‌ریف، له لوتكه‌ی هه‌ره‌می دیپلۆماسییه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانه و گرنگه په‌یوه‌ندییه‌كانمان بمێنن.
سه‌رچاوه: فرانس24/ رۆیته‌رز
ئ.ر