ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه له ئێران ده‌كات
تا تاران ناچار ده‌بێت به بژاری دانووستان رازی بێت
K24 – هه‌ولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگه‌یاند، سزاکانیان لەسەر ئێران بەردەوام دەبن تا ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە دەگهیهننه سفر. ئێرانیش هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هورمز ده‌كات. هاوكات چاودێرێكی سیاسی كوردیش رای وایه فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران به‌رده‌وام ده‌بن، تا تاران ناچار ده‌بێت به بژاری دانووستان رازی بێت.
مایک پۆ‌مپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پانێلێکدا، لە بانکۆکی پایتەختی تایلاند، رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران کەمتر بووە لە نیو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەکاتێکدا پێشتر ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە ده‌كرد.
گوتیشی: سزاکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی هیچ داهاتێک بەدەست ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران و بەرپرسانی ئەو وڵاتە نەگات تا پرۆگرامی ئەتۆمی پێ پارەدار بکەن.
له میانی به‌رده‌وامی گرژییه سیاسییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران، كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی كارته‌كانی فشار ده‌كات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئێران ھەڕەشەی ئەوەی كرد، كە ئەگەر نەوتی ئێران نەفرۆشرێت؛ ئەوا رێگە نادەن نەوتی ھیچ وڵاتێكی دیكەی ناوچەكه‌ش بفرۆشرێت.
ئەوەش لە ھەموو لایەكەوە وەكوو ھەڕەشەی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی ھۆرمز لێكدرایەوە، ئەگەرچی كەم بوون ئەوانەی پێیان وابوو ئەو ھەڕەشەیە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ئاڵۆزییەكانی دوو مانگی رابردوو دەریخست، كە شەڕی نەوتھەڵگرەكان لە ئاوی نێودەوڵەتییدا دەستیپێكردووە.
بەمشێوەیە ناكۆكی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لەسەرووی ھەموویان ئەمه‌ریكا جارێ بە شەڕی نەوتھەڵگرەكان لە گەرووی ھۆرمز و دەریان عومان دەستیپێكردووە و كۆتاییەكەشی دیار نییە.
سه‌باره‌ت به لێكه‌وته‌كانی ئه‌و ئاڵۆزییانه، ئەحمەد ئەسکەندەریی، چاودێری سیاسی لە ستۆکهۆڵمی پایته‌ختی سویده‌وه بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ره‌وشی ناوخۆی ئێران و باری گوزه‌رانی خه‌ڵك تا دێت به هۆی گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكاوه خراپتر ده‌بێت.
گوتیشی: ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بن له فشارخستنه سه‌ر ئێران تا تاران ناچار ده‌كرێت گفتوگۆی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بكات.
له لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌باره‌ت به دۆسییه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ناووكی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك، حەسەن رووحانی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی لە دانوستاندان و پێدەچێت لە ھەفتەكانی داھاتوودا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی كە مەرجەكانی ئێرانی تێدا جێبەجێ بكرێت، ئەگەریش نەگەنە رێككەوتن، ئێرانیش پابەندی رێككەوتنەكان نابێت و ھەنگاوی سێیەمیش دەست پێ دەكات، كە كەم كردنەوەی پابەند بوونی ئێرانە بە خاڵەكانی رێككەوتننامەی ناووكی.