نێچیرڤان بارزانی: ئێزدییە رفێنراوەکان دەگەڕێنینەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی  هەرێمی کوردستان، لە یادی پێنج ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە.

لە تویتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووە: "لە یادی پێنج ساڵەی جینۆسایکردنی ئێزدییەکان لە شنگال، یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە بوونە قوربانی دڕندەیی چەکدارانی داعش".

نێچێرڤان بارزانی دەشڵێت: "ئێمە پشوو نادەیەن تاکو تیرۆر لەناو دەبەین و رفێندراوەکان دەگەڕێنینەوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسێنێت و هەوڵیش بۆ دووبارەنەبووونەوەی کارەساتی هاوشێوە بدات.

پێنج ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر قەزای شنگال و هەزاران ئێزدی ئەو ناوچەیان کوشت و رفاند، تاکو ئەمڕۆش، بەشێک لە رفێنراوەکان چارەنووسیان نادیارە.