لە دهۆک یادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان دەکرێتەوە

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا و کەسوکاری قوربانیان ڕێوڕه‌سمەکە بەڕێوە دەچێت

K24 – دهۆک:

ئەمڕۆ یەکشەممە 04/08/2019، کاتژمێر  10:30 خولەکی بەیانی، لە هۆڵی کۆنفڕانسەکان لە شاری دهۆک، پێنجەمین ساڵیای جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان  دەکرێتەوە.

ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهید و ئەنفالکراوەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ڕێوڕه‌سمەکە لە ژێر ناوی "شنگال لە جینۆساید بەرەو ئاوەدانی"، بەڕێوە دەچێت و تیایدا پانۆرامایەک بە ناوی "پانۆرامای خاک" نمایش دەکرێت".

راشیگەیاند: "هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وڵاتان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان، کەسوکاری قوربانیانی ئێزدی بەشدار دەبن".

پێنجەم ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە شاری دهۆک دەکرێتەوە، ئه‌مساڵیش چەندین چالاکیی جیاواز له‌م یاده‌دا ئەنجام درراون و ئەمڕۆش گەورەترین ڕێوڕه‌سمی یادکردنەوەی ئەو کارەساتە بەڕێوە دەچێت.

دوێنی شەممە، پەرلەمانی کوردستان، 3ی ئابی وەکوو رۆژی جینۆساکردنی ئێزدییەکان لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق – شام (داعش) دەستنیشان کرد.

لە 03/08/2014، چەکدارانی داعش، هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال، هەڕەمەکی کەوتنە کوشتنی هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی و هەزارانی دیکەشیان بۆ سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراق رفاند.

H.J