دوو گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەی ئەنفالكراوانی كورد ھەڵدەدرێنەوە

لە گۆڕێكدا 171 روفات دەرھێندران

K24 - ھەولێر

كارەكانی یەك لەو سێ گۆڕە بە كۆمەڵە كۆتایی ھات، كە لە سەماوە دۆزراونەتەوە، دوای جەژنیش دوو گۆڕی بە كۆمەڵی دیكە ھەڵدەدرێنەوە.

سیروان جەلال، بەرێوەبەری گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان بە كوردستان24ـی راگەیاند، گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە سەماوە ھەڵدراوەتەوە و كارەكانی تەواو بوون، روفاتەكان لە بەغداوە پشكنینی دی ئێن ئەیان بۆ دەكرێت. لەو گۆڕەدا، 171 روفات ھەبوون، كە 97ـیان ژن و 74 یان منداڵن".

ئاماژەی بەوەش كرد "لە گۆڕەكاندا بەشێكی ژنەكان منداڵەكانیان لە باوەش گرتووە، بۆ ئەوەی لە گولـلەبارانكردن بیانپارێزن".

سیروان جەلال راشیگەیاند "بە گوێرەی پشكنینەكانیان، ئەو گۆڕە ھی ئەنفالی ساڵی 1988ـە و پزیشكی دادییش دەستی كردووە بە گواستنەوەی روفاتەكان بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی پشكنینی ئێسك DNA لە روفاتەكان وەربگیرێت و لەگەڵ روفاتەكان كەلوپەل و بەڵگەمان دۆزیوەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "دوای جەژنی قوربان، دوو گۆڕی بە كۆمەڵی دیكە ھەڵدەدرێنەوە".

ھ.م