په‌رله‌مانی كوردستان: ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی ئێزدییه‌كان بكاته‌وه‌

حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆنۆمێنێتكى تایبه‌ت بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانی داعش دروست دەکات

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگ، 3ی8ی2014  بە رۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان ناساند، ئەو پێشنیازەش لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە کراوە.

وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان دەڵێت، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لیژنە پێک هاتووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزديیەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و تەواوی ناوچە کوردستانیيەکان.

بەپێى پێشنیازە بڕیارەکەش، حکوومەتی عێراقی دەبێت قەرەبووی ئێزدیيەکان بکاتەوە.

پێشنیازەكه‌ پێشتر لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە درابووە فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنی پارتیش بە هەماهەنگیی فراکسیۆنەکانی دیکە  خرایە بەرنامەی کارەوە.

پێشنیازه‌ بڕیارەکە لە 5 ماددە پێک هاتووە، به‌ شێوه‌یه‌كیش په‌سه‌ند كراوه‌، كه‌ ده‌بێت حکوومەتی عێراق قەرەبووی ئێزییدەکان بکاتەوە.

به‌ گوێره‌ی پێشنیازه‌كه‌ش، قەرەبوو و ئیمتیازاتی ئێزدییەکان لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش مۆنۆمێنێتك دروست دەکات بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانی داعش و پاراستنیان، گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق پێک هێناوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال و جینوساید و کیمیاباران و تاوانەکانی داعش، له‌گه‌ڵ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.

ئ. م