بەرھەم ساڵح: چاوەڕێین پڕۆژەیاسای قەرەبووكردنەوەی رزگاركراوانی ئێزدی پەسند بكرێت
سەرکۆماری عێراق راگەیەندراوێکی لە ساڵڕۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بڵا وکردەوە
K24 – ههولێر:
له یادی ساڵڕۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییەکان، بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، پەلە بكات لە پەسەندكرنی پڕۆژەیاسای رزگاركراوانی ئێزدییەکان.
لە راگەیەندراوەکەی سەرکۆماری عێراقدا هاتووە: "تاوانە قێزەونەکە، گوزارشتێکی روون بوو لە پەیڕەوکردنی ھزری تاوانی تەكفیریی ئەو تاقمە توندڕەوە، بۆ ڕشتنی خوێنی زیاتر و دروستكردنی ترس و تۆقاندن لەناخی هاووڵاتیانیی مەدەنی و بێ تاوان".
سەرکۆمار داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات: "سەرۆكایەتیی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پەلە بكەن لە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای رزگاركراوانی ژنان و کچانی ئێزدییەکان، کە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمارەوە و لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە ڕەواكانی رزگاركراوانی ئێزدی و قەربووكردنەوەی ماددی و مەعنەویان ئامادە کراوە".
داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات: "هەوڵی زیاتر بخرێتە گەڕ بۆ دیاریكردنی چارەنووسی نزیكەی سێ هەزار رفێنراوی ئێزدی لە چنگی داعش و پێویستیی كاركردنی خێرا بۆ ئازاد كردنیان".
رۆژی 3/8/2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری و بە هۆیەوە هەزاران کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و زیاتر لە شەش هەزار کچ و ژنی ئێزدیش لەلایەن داعشەوە رفێندران، بە گوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەری رفێندراوانی ئێزدیش، تا ئێستا چارەنووسی 2 هەزار و 908 کچ و ژنی ئێزدی دیار نییە.
H.J